هاودەنگ فارووق

ئەو زۆردارەی وەك خاوەنی هەموو شتێك مامەڵە لەگەڵ وڵاتەكەی دەكات، سەرنجامیش ستەمكاری و گەندەڵی و تیرۆر و لەناوبردنی دەستكەوتەكانی دەوڵەت بەرهەم دێنێ.
لە سەردەمی خەباتی شاخ و شاردا كورد باوەشی مرۆڤدۆستانەی بۆ شیعەكانی عێراق كردەوە، لە دوای رووخانی ڕژیمی بەعسیش، كوردستان بووە تاكە دەروازەی هەناسەی ژیان و ئازادی و گەیاندنیان بە دەستەڵاتی بەغداوە، لێ ئەوان بە نەفەسی تائیفی و شۆڤێنی حوكمڕانییان دەست پێكرد و بەرەو سپڵەیی و لوتكەی دژەكوردبوون و تاكڕۆیی هەنگاویان ناو بە نانبڕین و هێرشی سەربازی وەڵامی وەفا و نمەكی گەلی كوردستانیان دایەوە.
سەركردە شیعەكانی حاكمی ئێستای بەغدا داوا لە حكوومەتی كوردستان دەكەن، تا سنوورەكانی پێش (٢٠٠٣) بكشێتەوە، واتا بگەڕێتەوە سەر خەتی سەوز (٣٦)، ئەو تخوبەی دوای كۆڕەوە ملیۆنییەكەی خەڵكی كوردستان، ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ پاراستنی كوردستان لە هێرش و هەڕەشەی ئەرز و ئاسمانی سوپای ئەوسای عێراق، لە خەتی تەماسی نێوان پیشمەرگە و سوپای عێراق دیاری كردبوو، نەك بۆ دانانی سنوور و نەخشەی(هەرێمی كوردستان).
ئەم داوا ناڕەوایەی سەرانی شیعەكان لە كاتێكدایە، كورد لە (٢٠٠٣)ـدا ڕۆڵێكی سەرەكی لە ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسدا هەبوو، لە جەبهەی باكووریش، پێشمەرگە خوێنێكی زۆری بەخشی و قوربانیی زۆری بۆ ڕاماڵینی سوپای عێراق دا و وڵاتەكەی ئازاد كرد و دەوڵەتی عێراقی نوێی بۆ دروست كردنەوە، كوردستان داعشی تێ‌كشكاند و هەموو ناوچەكانی ماددەی (١٤٠)ی ئازاد كردەوە و مووسڵی بۆ ڕزگار كردن.
بۆیە ئەگەر داوایەكی نالۆژیكیی وا لە كورد بكرێت، زۆر باشە، كورد دەگەڕێتەوە پێش ٢٠٠٣، بەڵام بەو مەرجەی دەبێ سەرانی دەستڕۆیشتووی شیعەش، بگەڕێنەوە ئەو شوێنانەی لێیهاتوون و پەناهەندە بوون، واتا دەبێ بچنەوە بۆ تاران و شام و بەیرووت و لەندەن!!
سەرانی شیعەی عـــێراق، بە ڕقی تایەفەگەرانە، شێتی مەزنبوون و لوتبەرزی و عەقڵیەتی تۆڵەسەندەنەوە ڕەفتار دەكەن، دەیانەوێت عێراقی نوێ بەرەو بنەمای میلیشیاییی سەربازی بەرن و بە تەواوی دەست بەسەر دەوڵەتدا بگرن، دەیانەوێت لاسایی دەستەڵاتی بەعس بكەنەوە و بۆ پاكتاوكردنی كورد، عێراق بەرەو جەنگێكی ناوخۆیی و ماڵویرانی زیاتر ببەن، بەڵام دڵنیاین ئەم ئاواتەیان بە پێچەوانە دەكەوێتەوە و خەونی عێراقێكی مەزهەبگەرای یەكگرتوویان، دەبێتە وڵاتێكی دابەشكراو و كۆمەڵگەیەكی لێكترازاو.
گرووپە شیعەكانی عێراق بەر لە ڕووخانی سەددام لەوڵاتەدا، زۆرینە شیعیەكان نیشتەجێ بوون و سەرچاوەی هاندان و پیتاكیان لەو وڵات و دەستەڵاتانەوە پێدەدرا، ئێستایش شەڕی بەوەكالەت بۆ هەمان ئەو ڕژێمانە دەكەن، كە مەبەستیان نانەوەی ئاڵۆزی و ئاشووبە لە عێراقدا.
عێراقی ئەمڕۆ لەسەر دەستی حوكمڕانانی بەغدا هێندە ئاڵۆز بووە، كۆمەڵێك بازرگان و مافیا سودمەندی یەكەمن .
وڵاتیان بەرەو جەنگێكی دەروونی و پاكتاوی جەستەیی بردووە، ڕۆژ نییە بە دەیان كەسی بێ تاوان خواردەی ئەو جەنگە ترسناكەیان نەكەن .

ئەم وتارە گوزارشت لەراوبۆچوی خاوەنەكەی دەكات

Share :
Facebook Email Twitter Google+ Addthis

وتارەکانی تری نووسەر

ڕاپۆرت

  

  

  

  

  

ئەلبوم

سەرپێچی هاتوچۆ

لەگەڵمان بە لە facebook

کەش و هەوا

Website Design by Kurdsoft