عەبدوڵڵا ئۆجەلان كێیە؟

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 4ی نیسانی 1948 لەدێی عەمەرای قەزای خەلفەتێی سەر بە شاری ئورفا لە باشووری رۆژهەڵاتی توركیا لەدایكبوە، سەركردەی بزوتنەوەی ناسراو بە پارتی كرێكارانی كوردستانەو لەناو كورددا بە "ئاپۆ" ناسراوە كە رێكخراوەكەی لەلایەن یەكێتیی ئەوروپاو ئەمریكاو ناتۆ و چەند وڵاتێكی ترەوە لەلیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكاندایە 
ئۆجەلان لە كۆلێجی زانستیی (زانستی سیاسی) خوێندویەتی لە زانكۆی ئەنقەرە، بەڵام خوێندنەكەی تەواو نەكردوەو گەڕاوەتەوە بۆ دیاربەكر، هەستی نیشتمانی و كوردایەتی كاری تێكردوەو بۆی تێكۆشاوە تا لەساڵی 1978 پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ی دامەزراندوە كە تائێستاش سەركردایەتی دەكات، ئەم پارتە لەساڵی 1984 دەستیكرد بە چالاكی چەكداری لەناو توركیاو ئێران و عیراق بەمەبەستی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی.
زۆربەی وڵاتان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان بە پارتێكی تیرۆریستی دادەنێن وەكو پشتگیریەك بۆ وڵاتی توركیا، ئەمە لەكاتێكدایە ئەم وڵاتە قەدەغەی كردوە لە خەڵكی كورد كە كۆرپەكانیان بە ناوی كوردی ناوبنێن یان تەنانەت بە كوردیش بدوێن، ئەمەش هەتا ئەم دواییە بەردەوام بوو دواتر لەلایەن دەسەڵاتدارە توركەكانەوە رێگەی پێدرا، ئەوە بوو لە 11-9-2009 دا ئەنجومەنی خوێندنی باڵای توركی رێگەیدا بە خوێندنی كوردی لە زانكۆ رەسمیەكانی توركیادا.
تا ساڵی 1998 ئۆجەلان لە وڵاتی سوریا بوو، پاشئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان توركیاو سوریا تێكچو، توركیا هەڕەشەی لە سوریا كرد بەوەی كە پشتگیری لەم پارتە دەكات، بۆیە سوریا ئۆجەلانی ناچار كرد كە سوریا بەجێبهێلێت بێئەوەی بیداتە دەست دەسەڵاتدارانی توركی، پاش ئەوە ئۆجەلان رویكردە روسیا، پاشان رویكردە چەند وڵاتێكی تر لەوانە، ئیتالیاو یۆنان، لەساڵی 1998 لەو كاتەی كە لە یۆنان بوو، حكومەتی توركی داوای تەسلیمكردنی ئۆجەلانی كرد، لە 15ی شوباتی 1999 لە كینیا دەستگیر كرا لە پرۆژەیەكی چەكداری هاوبەش لە نێوان دەزگای سیخوڕی مەركەزی ئەمریكی سی ئای ئەی و دەزگای سیخوڕی توركی ئێم ئای تی و دەزگای سیخوڕی ئیسرائیلی موساد، پاشان بەهێلیكۆپتەرێك گوازرایەوە بۆ توركیا بۆ دادگاییكردنی. 
لەكاتی دەستگیر كردنیەوە، ئۆجەلان خراوەتە زیندانێكی تاكە كەسی لە دورگەی ئیمرالی لەدەریای مەڕمەڕە لەتوركیا، هەرچەند لەسەرەتادا حوكمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام دواتر بە مەرجەوە ئەم حوكمە گۆڕا بۆ اهەتاهەیی لەئابی ساڵی 2001 دا.


Share :

بابەتی زیاتر

ڕاپۆرت

  

  

  

  

  

ئەلبوم

سەرپێچی هاتوچۆ

لەگەڵمان بە لە facebook

کەش و هەوا

Website Design by Kurdsoft