ژیانی ژێر چادر لە پاریس لەزاری پەنابەرانەوە

 - ئەنادۆڵ

لە سەرمای سەختی پاریسدا، چادرە بچووكەكان كە بە درێژایی قاڵدرمەكان دانراون تاكە شوێنن كە سەدان پەنابەر خۆیان تیادا پەناداوە. شارەكە بایەكی توند گرتویەتیەوە و ئەوانەی لە دەست جەنگ، برسیەتی و پشێوی هەڵاتوون هەوڵدەدەن لەبەر ئەو ئاگرەدا خۆیان گەرمبكەنەوە كە بە ئەستەم دەستیان كەوتووە. 

ساڵی نوێ بۆ ئەو پەنابەرانە بە باشی دەستی پێ نەكرد، لەبەرئەوەی شوێنی حەوانەوە، پارە و خواردنیان نییە. هەر بەیانی زوو لەگەڵ هەڵهاتنی تیشكی خۆردا ریز دەگرن بۆ وەرگرتنی نانی بەیانی كە لە لایەن رێكخراوەكانی هاریكاریەوە دابەشدەكرێت.

زاهیر كە هاووڵاتییەكی ئەفغانستانیە، ماوەی حەوت مانگە لە ئەفغانستانەوە رووی لە پاریس كردووە و، بەیانیان بە وەرگرتنی كەمێك قاوە و كەمێك پەنیر ئەو رۆژە بەرێدەكات و وتی: "حەوت مانگە لە فەڕەنسام، ئەو حەوت مانگە لە دەرەوە خەوتم، هەموو ئەوانەی دەیبینن كۆچبەر و، هەمووشیان لە دەرەوە دەژین. دەیانگوت لە ئەورووپا مرۆڤایەتی هەیە، زۆرم بیست كە دەیانگوت لە وڵاتانی وەك ئەڵمانیا و فەڕەنسا مرۆڤایەتی و مرۆڤ دۆستی هەیە، بەڵام خۆم لێرە لە نزیكەوە بینیم، هەرگیز شتێك نییە بە ناوی مرۆڤایەتی و مرۆڤدۆستی، زۆر بە خراپی هەڵسوكەوت لەگەڵ كۆچبەراندا دەكەن، كەس بە كەس نییە".



ئەوەی ئاباد هاووڵاتی پاكستانی باسی دەكات هیچ جیاواز نییە لەوەی زاهیر باسی كرد. ئاباد كە لە پاكستانەوە رووی لە پاریس كردووە وتی: "ئەو سووكتەماشاكردنەی لە پاریس بینیمان لە هیچ شوێنێكی ئەورووپا بوونی نییە".

زۆربەی ئەوانەی لە پاریس لەسەر شەقام دەژین ئەوانەن كە لە پاكستان، ئەفغانستان، ئەفریقا و وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە روویان لەو وڵاتە كردووە.

پەنابەران چادرەكانیان لە سانت مارتین و دەورووبەری هەڵدەدەن، لەبەرئەوەی ئەو ناوچەیە نزیكە لە ناوەندی پەنابەران. زۆبەیان ماوەی چەندین مانگ چاوەڕوانی ئەو رۆژە دەكەن كە بۆیان دەست نیشان دەكرێت بۆ پێشكەشكردنی داوای پەنابەریەتی. تا ئەو رۆژەش لەسەر شەقام دەژین، دوای پێشكەشكردنی داواكانیشیان هیچ گەرەنتیەك نییە كە ئایا لە شوێنێك نیشتەجێیان دەكەن یان نا.



پەنابەرێكی تونسی بە ناوی شاهیر باسی لەوە كرد كە خەڵك لە سەرمادا رەقبوونەتەوە و وتی: "پێنج كەس لە سەرمایا رەقبوونەوە. بەڵێ، خەڵكی لە سەرما گیانیان لەدەستدا. كەسیش ئاوڕی لێنەدانەوە".

هۆكاری سەرەكی ئەو كێشەیە كە تا دێت لە شەقامەكانی پاریس روو لە زیادبوونە، نەبوونی كەمپی پێویستی پەنابەرانە لەو وڵاتەدا. كەمپی كالییە كە ناوبەناو دەبووە رۆژەڤ بە هۆی پێشێلكاری مافەكانی مرۆڤ تیایدا ساڵی 2016 رووخێنرا، بەو هۆیەشەوە ژمارەی ئەو كەسانەی لەسەر شەقام دەمانەوە روویان لە بەرزبوونەوە كرد. بە پێی ئامارە فەرمیەكان پێنج هەزار و 596 كەس لەو كەمپەدا دەمانەوە، بەڵام بە گوێرەی پێشبینیەكان حەوت هەزار كەس دەمانەوە تیایدا.



ئێدوارد فیلیپ سەرۆكوەزیرانی فەڕەنسا، ئاماژەی بەوە كردبوو لە مانگەكانی هاویندا %40ی ئەو پەنابەرانەی روو لە فەڕەنسا دەكەن شوێنی مانەوەیان نییە لە ئێستادا، 80 هەزار خانوو و پەناگە هەیە و لە ماوەی دووساڵدا، 12 هەزار و 500 دانەی دیكەشی بۆ زیاد دەكەن.

ئەوانەی تەنها لە ٢٠١٦دا بەرەو فەڕەنسا هەڵاتوون ژمارەیان گەیشتۆتە ٨٥ هەزار .

لە دابینكردنی شوێنی مانەوەدا لەپێشینە بۆ منداڵان و ژنان و خێزانەكانە. هەرچی كوڕی زگوردیش هەیە تەنیها بۆ ماوەی ١٠ رۆژ لەو ناوەندانە دەتوانن بمێنیەوە كە بۆ پەنابەران دابین كراوە.

ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆك كۆماری فەڕەنسا، لە سەرەتای هاتنە سەر دەسەڵات وتی: "دەبێت باوەش بۆ پەنابەران بكەینەوە. ئەمە ئەركی ئێمەیە، دەبێت شانازی بەمەوە بكەین". 



بەڵام ئەوەی كۆچبەران دەیڵێن زۆر دوورە لە گوتەكانی سەرۆكی فەڕەنسی-یەوە.

محەمەد كە خەڵكی لیبیایە، باس لەوە دەكات ئەو لەدەست مردن هەڵاتووە، بە ئاستەنگ رزگاری بووە لە دەست بازرگانەكانی مرۆڤ لە وڵاتەكەی و لە جەنگ و ئەو دراما تراجیدیەی چەندین منداڵ هەتیو كەوتووە تیایدا و ئاماژە بەوە دەكات كە قاچاخبەرانی مرۆڤ فراندوویانە، بە بێ ئەوەی هیچ وردەكاریەك بدات. ئەو باس لەوە دەكات كە دەبێت خەڵك بزانن لە چی دۆخێك و هەلومەرجێكدا دەژین. واتە نە حەمام هەیە بۆی بچن نە كەسیش هەیە یارمەتیان بدات.

ئەو ئاوارە لیبیە ئاماژە بەوە دەكات كە ئەوانەی لە شەقام دەژین زۆر تووشی دڵەراوكێ بوون چونكە لە هەموو كاتێكدا دەشێت پۆلیس بدات بەسەریاندا و وەك ئەوەی حەوت ساڵە دەیكەن، چادرەكان لادەدەن.

محەمەد باس لەوە دەكات كە ئەو ماڵێكی نییە لە پاریس هەركاتێك پۆلیس دێت دەڵێت بڕۆ بۆ شوێنی تر، بۆیە بەردەوام شوێن دەگۆڕن.

گول یەكێكی ترە لە پەنابەران، تەمەنی ١٩ ساڵە و لە ئەفغانستانەوە هەڵاتووە.هەركاتێك رۆژ تەواو دەبێت سەرمای شەو زۆری بۆ دێنێت. ماوەی ساڵێك زیاتر لە پاریسە. دایك و باوكی لەدەست داوە. یەك برای ماوە كە ماوەی ساڵێكە لەگەڵی قسەی نەكردووە، بە كامێراكەی ئاماژە بۆ چادرەكە دەكات كە پێنج كەس تیایدا دەمێنێتەوە.

ئاكبال وەك گول ئەفغانستانیە بەڵام ئەو پەنابەر نییە. بۆ یارمەتی لەوێیە، ناتوانێت هەموو رۆژێك بچێت. بەڵام هەر كە هەلی بۆ هەڵكەوت دەچێت خواردنیان بۆ دەبات.

ئاكبال باس لەوە دەكات ئەو خەڵكە هیچ نییە بیخۆن، دەبێت هەموو لایەن بزانن ئەوانە لە جەنگ هەڵاتوون لە ناخۆشی رادەكەن. ئەگەر ئەو دۆخە نەبوایە كام لەمانە دەهاتن بۆ لامان.



Share :

بابەتی زیاتر

ڕاپۆرت

  

  

  

  

  

ئەلبوم

سەرپێچی هاتوچۆ

لەگەڵمان بە لە facebook

کەش و هەوا

Website Design by Kurdsoft