حاجی كاروان: ئێران پیلانى ئیقلیمی به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌گێڕێت

- ئه‌نادۆڵ

حاجی كاروان ئه‌ندامی لیژنه‌ی مادده‌ی 140 له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی ئێران به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ئه‌نجامی ده‌دات پیلانگێڕی هه‌رێمییه‌، ئامانج لێی پاكتاوكردنی نه‌ته‌وه‌ی كورد و له‌ ناوبردنی مه‌زهه‌بی سوننه‌یه‌".
كه‌نعان نه‌جمه‌دین ئه‌حمه‌د ناسراو به‌ حاجی كاروان ئه‌ندامی لیژنه‌ی ماده‌ی 140 له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌لێدوانێكدا جه‌ختده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ی ئێران به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ئه‌نجامی ده‌دات پیلانگێڕی هه‌رێمییه‌، ئه‌وه‌ی هێرشی بۆ سه‌ر كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان كردوه‌ ته‌نها سوپای عیراق و حه‌شدی شه‌عبی نه‌بوو، به‌ڵكو سوپای پاسدارانی ئێرانیشیان له‌گه‌ڵدا بوه‌ و قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسداران سه‌رپه‌رشتی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كردووه‌، ئامانجیش لێی پاكتاوكردنی نه‌ته‌وه‌ی كورد و له‌ ناوبردنی مه‌زهه‌بی سوننه‌یه‌ له‌ عیراق و هه‌روه‌ها دیموگرافی ته‌واو ناوچه‌كه‌ بگۆڕن و له‌ئێستاشدا ده‌ستیان كردووه‌ به‌ گۆڕینی دیموگرافی چه‌ند ناوچه‌یه‌ك له‌بری ئه‌وه‌ی هاووڵاتیانی كورد، توركمان و سوننه‌ له‌ شوێنی خۆیان بمێننه‌وه‌، هاووڵاتیانی شیعه‌یان هێناوه‌ته‌ ناوچه‌كه‌.
ده‌شڵێت "ئامرلی شارێكی توركماننشینه‌، له‌گه‌ڵ سلێمان به‌گ كردویانه‌ به‌یه‌ك شار و هاووڵاتیانی شیعه‌ مه‌زهه‌بییان لێ نیشته‌جێكردوه‌، هه‌وڵێكی زۆریش ده‌درێت بۆئه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌یان بۆ سه‌قامگیر بكرێت، هه‌ڕه‌شه‌ش له‌ سوننه‌كان ده‌كه‌ن نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان".
هه‌روه‌ها په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان ده‌شڵێت "حه‌شدی شه‌عبی ده‌ستی به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا گرت، زۆر پێشێلكاری ئه‌نجامدرا. ئه‌و ئامارانه‌ی ده‌ست لیژنه‌ی مادده‌ی 140 له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كه‌وتون بریتین له‌ ئاواره‌بوونی 100 بۆ 120 هه‌زار كه‌س له‌ كه‌ركوك و ته‌واوی ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كان، كوژرانی زیاتر له‌ 20 كه‌س و زیاتر له‌ 25 كه‌سیش بێسه‌رشوێنكراون، زیاتر له‌ 250 خانوو ته‌قێندراونه‌ته‌وه‌ و زیاتر له‌ 500 خانوو له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ تاڵانكراون. له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا به‌شێكی زۆری هاووڵاتیانی سنوره‌كه‌ زیانێكی گه‌وره‌ی مادییان به‌ركه‌وت و سه‌دان ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر كه‌ بۆ كاری رۆژانه‌ به‌كارده‌هێنران، حه‌شدی شه‌عبی بردونی".
له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانی لیژنه‌كه‌شیان بۆ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، حاجی كاروان وتی "له‌ رووی ده‌ره‌وه‌ ئێمه‌ ئه‌و پێشێلكاری و تاوانانه‌ به‌ دۆكیومێنت ده‌كه‌ین كه‌ له‌ كه‌ركوك و ته‌واوی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كاندا به‌رامبه‌ر هاووڵاتیان ئه‌نجام دراون، دواتر ته‌واوی به‌ڵگه‌كان ده‌گه‌یه‌نینه‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تی تاوانه‌كان و كۆنسوڵ و نوێنه‌ری وڵاتان، هه‌روه‌ها له‌ رووی  نێوخۆییشه‌وه‌ ده‌بێت دانوستاندن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ند بكه‌ین و هه‌موو فشارێكمان به‌كارده‌هێنین تاوه‌كو حكومه‌تی عیراق بێته‌ ژێر باری رێككه‌وتن و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، ئه‌و خه‌ڵكه‌ زه‌ره‌رمه‌نده‌ش سودمه‌ند بێت".
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی ماده‌ی 140ی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌شڵێت "ئێمه‌ داوای لیژنه‌یه‌كی بێلایه‌ن ده‌كه‌ین له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عیراق و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، لیژنه‌یه‌ك له‌ هه‌موو فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان پێكبێت پێكه‌وه‌ هه‌موو تاوانه‌كان به‌ دۆكیومێنت بكه‌ین".

Share :

زۆرترین بینراوە

بابەتی زیاتر

ڕاپۆرت

  

  

  

  

  

ئەلبوم

سەرپێچی هاتوچۆ

لەگەڵمان بە لە facebook

کەش و هەوا

Website Design by Kurdsoft