ترامپ به‌ واژۆیه‌ك جیهانی هه‌ژاند

 راپۆرت - محه‌مه‌د حه‌سه‌ن

بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكی بۆ به‌ڕه‌سمی ناسینی ئورشه‌لیم (قودس) وه‌ك پایته‌ختی ئیسرائیل، به‌رپرسانی ته‌له‌ئڤیڤی لێده‌رچێت كه‌ بزه‌یان كه‌وته‌ سه‌ر لێو، له‌ سه‌رئاستی  جیهان، به‌ هاوپه‌یمانه‌ نزیكه‌كانی واشنتۆنیشه‌وه‌ به‌ره‌وڕوی ره‌خنه‌ و ناڕه‌زایه‌تی بوه‌وه‌.
شه‌وی 6-12-2017 دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا ره‌زامه‌ندی نیشاندا له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی بۆ شاری ئورشه‌لیم و به‌و كاره‌شی دانی به‌وه‌دانا ئه‌و شاره‌ پایته‌ختی ئیسرائیله‌.
پێگه‌ی شاری قودس یان ئورشه‌لیم له‌ چه‌قی ململانێی مێژوویی ئیسرائیل و فه‌ڵه‌ستینیه‌كاندایه‌ و هه‌ركامه‌یان ئه‌و شاره‌ به‌ پایته‌ختی خۆی ده‌زانێت.
به‌رپرسانی كۆشكی سپی رایانگه‌یاندوه‌، بڕیاره‌كه‌ی ترامپ، به‌یاننامه‌یه‌كی سیاسی نییه‌ و ده‌ستكاری سنوره‌كان و دۆخی سیاسیی قودس ناكات و ته‌نها دانپێدانانه‌ به‌ راستیه‌كی مێژوویی و هه‌نوكه‌ییدا.
هه‌ر دوابه‌دوای وتاره‌ 11 خوله‌كییه‌كه‌ی ترامپ و واژۆكردنی بڕیاره‌كه‌، مه‌حمود عه‌باس سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری فه‌ڵه‌ستینی رایگه‌یاند، ئه‌مریكا به‌و هه‌نگاوه‌ كۆتایی به‌ رۆڵی خۆی هێنا وه‌ك نێوبژیوان له‌نێوان فه‌ڵه‌ستینی و ئیسرائیلییه‌كاندا و به‌و بڕیاره‌ پرۆسه‌ی ئاشتی زه‌بری كاریگه‌ری به‌رده‌كه‌وێت. جه‌ختیشی كرده‌وه‌، قودس بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ پایته‌ختی فه‌ڵه‌ستینه‌.
لای خۆیشیه‌وه‌ ئیسماعیل هه‌نییه‌ سه‌رۆكی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس رایگه‌یاند، چییان پێبكرێت ده‌یكه‌ن بۆئه‌وه‌ی "پیلانگێڕی" ئه‌مریكا سه‌رنه‌گرێت و بژارده‌كانی به‌رده‌میشیان بۆ به‌رگری له‌ نیشتمان و شوێنه‌ پیرۆزه‌كانیان سنوردار نییه‌.



هاوكات وته‌بێژێكی حه‌ماسیش رایگه‌یاندوه‌، واژۆكه‌ی ترامپ ده‌رگاكانی دۆزه‌خ به‌ره‌وڕوی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی واشنتۆن له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌كاته‌وه‌.
له‌ولاتره‌وه‌ و له‌ ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهو سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و وڵاته‌، شه‌شی كانونی یه‌كه‌می به‌ رۆژێكی مێژوویی ناوبرد و بڕیاره‌كه‌ی ترامپی به‌ بوێرانه‌ و دادپه‌روه‌رانه‌ له‌قه‌ڵه‌مدا. هه‌روه‌ك ته‌ئكیدی له‌وه‌كرده‌وه‌، به‌ڕه‌سمی ناسینی ئورشه‌لیم وه‌ك پایته‌ختی ئیسرائیل گه‌ره‌نتی پرۆسه‌ی ئاشتی ده‌كات. وتیشی "به‌ درێژایی نزیكه‌ی 70 ساڵی رابردو، ئورشه‌لیم هه‌ر پایته‌ختی ئیسرائیل بوه‌". داواشی كرد وڵاتانی دیكه‌ی جیهان چاو له‌ ئه‌مریكا بكه‌ن و باڵیۆزخانه‌كانیان بۆ ئه‌و شاره‌ بگوازنه‌وه‌.
جیا له‌و دوو لایه‌نه‌ كه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیان به‌ بابه‌ته‌كه‌وه‌ هه‌بوو، له‌ جیهانی ئیسلامی و له‌سه‌رئاستی وڵاتانی دیكه‌ش، بڕیاره‌كه‌ كاردانه‌وه‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا.
به‌رپرسانی باڵای توركیا بڕیاره‌كه‌ی به‌ نابه‌رپرسیارانه‌ و به‌ پێچه‌وانه‌ی رێككه‌وتنامه‌ و بڕیارنامه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان ناوبردووه‌. شا سه‌لمان پادشای سعودیه‌ش باسی له‌وه‌كردووه‌، ئه‌و كاره‌ ده‌بێته‌هۆی هاندانی موسڵمانان له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان. عه‌بدولفه‌تاح سیسی سه‌رۆكی میسریش پێیوایه‌، به‌ڕه‌سمی ناسینی قودس وه‌ك پایته‌ختی ئیسرائیل دۆخی ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئاڵۆزتر ده‌كات و چانسی هێنانه‌دی ئاشتی له‌بارده‌بات.
هه‌رچی كۆمكاری عه‌ره‌بیشه‌ بڕیاره‌كه‌ی به‌ هه‌نگاوێكی مه‌ترسیدار زانیوه‌، كه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر ته‌واوی ناوچه‌كه‌ ده‌بێت و رۆڵی ئه‌مریكاش وه‌ك نێوبژیوانێكی جێی متمانه‌ له‌نێوان فه‌ڵه‌ستینی و ئیسرائیلییه‌كاندا ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌.
ئێران كه‌ به‌ درێژایی نزیكه‌ی 40 ساڵی رابردو زیاتر له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی خۆی به‌ په‌رۆشی دۆزی فه‌ڵه‌ستین نیشانداوه‌ و هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلی وه‌ك وڵاتێك به‌فه‌رمی نه‌ناسیوه‌، توندترین كاردانه‌وه‌ی هه‌بووه‌ و داوای "راپه‌ڕینێكی نوێ"ی فه‌ڵه‌ستینیه‌كانی كردووه‌ و محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ش ده‌ڵێت "ترامپ به‌و كاره‌ی رێككه‌وتنامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی پێشێلكردوه‌".
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ میشڵ عۆن سه‌رۆك كۆماری لوبنان پێیوایه‌ به‌فه‌رمی ناسینی قودس وه‌ك پایته‌ختی ئیسرائیل پرۆسه‌ی ئاشتی بۆ ده‌یان ساڵ دواده‌خات و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ریش رایگه‌یاند، ئه‌و جوڵه‌یه‌ی ئه‌مریكا فه‌رمانی ملپه‌ڕاندنی ئاشتیخوازانه‌.



له‌سه‌رئاستی وڵاتانی نائیسلامی و رێكخراوه‌ و دامه‌زراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش، كه‌ هه‌ندێكیان هاوپه‌یمانی واشنتۆنن، ره‌خنه‌ له‌و بڕیاره‌ی ترامپ گیراوه‌.
ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا به‌قوڵی نیگه‌رانی و ناڕه‌زایه‌تی خۆی له‌و بڕیاره‌ واشنتۆن ده‌ربڕیوه‌. ترێزا مای سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیاش كه‌ وڵاته‌كه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كی توندوتۆڵی له‌گه‌ڵ واشنتۆن هه‌یه‌، ده‌نگی خۆی خستوه‌ته‌ پاڵ ده‌نگی ئه‌وانه‌ی دژی بڕیاره‌كه‌ی ترامپ-ن له‌ باره‌ی شاری قودسه‌وه‌. وته‌بێژی ئه‌نگێلا مێركڵ، گه‌وره‌راوێژكاری ئه‌ڵمانیاش رایگه‌یاندووه‌، وڵاته‌كه‌ی پاڵپشتی له‌و بڕیاره‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا ناكات.
هه‌رچی پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكانیشه‌، نیگه‌رانی خۆی له‌ ئاڵۆزبونی دۆخه‌كه‌ ده‌ربڕیوه‌ و داوایكردوه‌ به‌پێی بڕیارنامه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان رێز له‌ پێگه‌ی ئێستای قودس بگیرێت.
ئه‌نتۆنیۆ گۆتیرێز ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كانیش له‌و بڕوایه‌دایه‌، بڕیاره‌كه‌ی ترامپ ئاسۆی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی فه‌ڵه‌ستین و ئیسرائیل لێڵ ده‌كات و داوای كردووه‌ چاره‌نوسی قودس یان ئورشه‌لیم له‌سه‌ر مێزی دانوستانی راسته‌وخۆی فه‌ڵه‌ستینی و ئیسرائیلییه‌كان یه‌كلایی بكرێته‌وه‌.
یه‌كێتی ئه‌وروپاش هیوای خواستوه‌ هه‌رچی زووه‌ ده‌ست به‌ دانوستانه‌كانی ئاشتی له‌نێوان فه‌ڵه‌ستینی و ئیسرائیلییه‌كان بكرێته‌وه‌، ئه‌و بابه‌ته‌ی كه‌ هه‌ردووكیان ئورشه‌لیم به‌ پایته‌ختی خۆیان ده‌زانن ته‌نها له‌ رێگه‌ی گفتوگۆی راسته‌وخۆوه‌ یه‌كلابكرێته‌وه‌.



چین و روسیاش نیگه‌رانن له‌ بڕیاره‌ نوێیه‌كه‌ی ترامپ بۆ به‌ فه‌رمی ناسینی ئورشه‌لیم وه‌ك پایته‌ختی فه‌ڵه‌ستین و ترسی خۆیان نه‌شاردۆته‌وه‌ له‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ ده‌بێته‌هۆی قوڵتركردنه‌وه‌ی ئاڵۆزیه‌كان له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. 
شاری قودس یان ئورشه‌لیم، كه‌ به‌ "به‌یتولموقه‌ده‌س"یش ناسراوه‌، كه‌وتوه‌ته‌ داوێنی چیای خه‌لیل و یه‌كێكه‌ له‌ كۆنترین شاره‌كانی جیهان و لای شوێنكه‌وتوانی هه‌ر سێ ئایینی جوو، مه‌سیحی و موسڵمان، به‌ شارێكی پیرۆز دانراوه‌ و به‌پێی سه‌رژمێری ساڵی 2012، ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی نزیكه‌ی 800 هه‌زار كه‌س بووه‌ و روبه‌ره‌كه‌شی 125 كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌یه‌.
تا به‌ر له‌ شه‌ڕی شه‌ش رۆژه‌ی 1967 به‌شی خۆرهه‌ڵاتی قودس به‌ده‌ست ئوردنه‌وه‌ بوو، دوای ئه‌وه‌ كه‌وته‌ ژێرده‌ستی ئیسرائیل و له‌ ساڵی 1980 ته‌لئه‌ڤیڤ به‌فه‌رمی به‌شی خۆرهه‌ڵاتی شاره‌كه‌ی وه‌ك به‌شێك له‌ خاكی وڵاته‌كه‌ی ناساند، به‌ڵام كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی دانی به‌و بابه‌ته‌دا نه‌ناوه‌.


Share :

زۆرترین بینراوە

بابەتی زیاتر

ڕاپۆرت

  

  

  

  

  

ئەلبوم

سەرپێچی هاتوچۆ

لەگەڵمان بە لە facebook

کەش و هەوا

Website Design by Kurdsoft