وه‌زیری كشتوكاڵ: به‌غدا موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی به‌نداوه‌كانی كوردستان خه‌رج ده‌كات

- سه‌عید عه‌بدوڵڵا - هه‌ولێر

وه‌زیری كشتوكاڵ رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌مساڵ گه‌نمی جوتیارانی كوردستان به‌پێی سیستمی هه‌رێمی ده‌بێت و پاره‌ی گه‌نمی ساڵانی رابردوش بۆ جوتیاران خه‌رج ده‌كرێت. وتیشی "به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان مه‌ترسی له‌سه‌ر هه‌یه‌ و رۆچون و جوڵانی پێوه‌ دیاره‌".
ئه‌مڕۆ 29-11 عه‌بدولستار مه‌جید وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی رونكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌ كشتوكاڵییه‌كانی نێوان كوردستان و حكومه‌تی عیراق پرێس كۆنفرانسێكی سازكرد.
له‌سه‌ره‌تادا وه‌زیری كشتوكاڵ وتی "به‌هۆی بومه‌له‌رزه‌كه‌ی 12ی مانگه‌وه‌ به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان توشی كۆمه‌ڵێك زیان بووه‌ و دوای ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ی له‌لایه‌ن تیمی هه‌رێم و عیراقی و بیانیشه‌وه‌ كراون، ده‌ركه‌وتوه‌ نزیكه‌ی 48 سانتیمه‌تر رۆچوه‌ و 10 تا 20 سانتیم به‌ره‌و لای ئاوه‌كه‌ جوڵاوه‌، دیاره‌ بومه‌له‌رزه‌كه‌ش به‌ره‌و ئاوه‌كه‌ جوڵاندویه‌تی". وتیشی "بابه‌تێكی مه‌ترسیدار و هه‌ستیاره‌، كه‌ به‌هۆی بومه‌له‌رزه‌ یان هه‌ر حاڵه‌تێك ئه‌و به‌نداوه‌ بڕوخێ كه‌ زیانی زۆری ئاوی هه‌یه‌ و زیانی گیانیشی هه‌یه‌، له‌ خوار به‌نداوه‌كه‌ تا حه‌مرین ئاو ده‌یبات و ئه‌گه‌ر له‌وێش ئاو كۆببێته‌وه‌ ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌هۆی كاره‌سات بۆ ئه‌و پارێزگایانه‌ی خواره‌وه‌ی عیراق، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌ستمانكردوه‌ به‌ ئاگاداركردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران. هه‌ربۆیه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم سه‌ردانمان كردوه‌ و ئێستاش كه‌ به‌نداوه‌كان له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌نده‌، بۆیه‌ راپۆرته‌كان راده‌ستی حكومه‌تی عیراق و بانكی نێوده‌وڵه‌تی كراوه‌ و بڕیاریانداوه‌ هاوكاریمان بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی زیانی زۆر نه‌كه‌ین، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داوامان له‌ تیمه‌كانی عیراقی و ئیتاڵی كردووه‌، هه‌روه‌ك به‌ په‌له‌ یه‌ك ملیار دینار ته‌رخانكراوه‌ بۆ چاككردنی كێشه‌ و گرفته‌كانی ئێستای به‌نداوه‌كه‌، ئه‌وه‌ش ناتوانێت له‌ زیانی گه‌وره‌ بیپارێزێت، عیراقیش بڕیاریداوه‌ به‌ ته‌رخانكردنی سێ ملیار دینار بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و پشكنینی زیانه‌كانی ئه‌و به‌نداوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ داوامانكردووه‌ 10 ملیار دینار خه‌رج بكرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ئه‌و به‌نداوه‌. ئه‌مساڵیش بڕیارمانداوه‌ له‌سه‌ر سه‌ر رێژ راناوه‌ستین، بۆئه‌وه‌ی زیانی دیكه‌ی به‌دوادا نه‌یه‌ت".
له‌باره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی به‌نداوه‌كانیش، وه‌زیری كشتوكاڵ وتی "دوو ساڵ پێشتر قسه‌مان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق كردووه‌ كه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌نداوه‌كان سیادین وه‌ك فه‌رمانبه‌رانی دیكه‌، موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی به‌نداوه‌كان له‌سه‌ر عیراق بێت، ئه‌وانیش مه‌رجی گواستنه‌وه‌ی میلاكیان هه‌بو، به‌ڵام ئێمه‌ وتمان هه‌موو فه‌رمانبه‌ران بده‌ین و دواتریش ته‌نها لیسته‌كان، ئێستاش ئه‌وان رازی بوون به‌و مه‌رجانه‌ی ئێمه‌ و راوێژمان له‌گه‌ڵ هه‌مووان كردووه‌، به‌قسه‌ی ئه‌وان بێت، هه‌فته‌ی داهاتوو موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی به‌نداوه‌كان ده‌درێت".
هه‌روه‌ها له‌باره‌ی وه‌رگرتنی گه‌نمی جوتیاران، عه‌بدولستار مه‌جید وه‌زیری كشتوكاڵ رایگه‌یاند، لیژنه‌یه‌كیان هه‌یه‌ كه‌ نوێنه‌ری وه‌زاره‌تیشی تێدایه‌، داوامانكردوه‌ ئه‌مساڵ وه‌ك هه‌رێمی كوردستان بێت و له‌سه‌ر بنه‌مای بودجه‌ی عیراق ده‌بێت، كه‌ ساڵی 2018 یه‌ك تریلیۆن و 370 ملیار دینار بۆ كڕینی گه‌نمی جوتیارانی عیراق دیاری كراوه‌، بۆ كوردستان ئه‌گه‌ر 12% بێت ئه‌وا پشكی هه‌رێمی كوردستان زیاد ده‌كات و 321 هه‌زار و 443 تۆنمان به‌رده‌كه‌وێت و لێمان وه‌ربگیرێت. ئه‌وه‌ش ناوچه‌ دابڕاوه‌كانی له‌گه‌ڵ نییه‌".
سه‌باره‌ت به‌ پاره‌ی جوتیارانیش، وتی "هه‌رچی پاره‌ی گه‌نمی جوتیارانه‌ كه‌ به‌داوادچونمان كردووه‌، دیاره‌ عه‌بادی واژۆی له‌سه‌ر خه‌رجكردنی پاره‌ی گه‌نمی ساڵانی رابردو كردووه‌. هه‌رچی پاره‌ی گه‌نمی جوتیارانی كوردستانه‌ له‌ ساڵانی 2014 و 2015 كه‌ 826 ملیار دینار ته‌رخانكراوه‌، له‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی عیراق لیژنه‌یه‌ك هه‌یه‌ له‌وێدا بڕیاریانداوه‌ ساڵه‌كانی 2014 و 2015 پاره‌یان پێ بدرێت و ئێمه‌ ئه‌و دوو ساڵه‌ نیوه‌ی پاره‌كه‌مان ماوه‌، ئه‌وانیش بڕیاریانداوه‌ بدرێت كه‌ 736 ملیار دیناره‌ و له‌لای حكومه‌تی عیراق ماوه‌".


Share :

زۆرترین بینراوە

بابەتی زیاتر

ڕاپۆرت

  

  

  

  

  

ئەلبوم

سەرپێچی هاتوچۆ

لەگەڵمان بە لە facebook

کەش و هەوا

Website Design by Kurdsoft