هێرشه‌ خوێناوییه‌كه‌ی سینا.. شه‌ڕی شه‌ریعه‌ت له‌ دژی ته‌ریقه‌ت

– محه‌مه‌د حه‌سه‌ن

گه‌رچی وه‌ك ده‌وترێت داعش له‌ عیراق و سوریا له‌ گیانكێشاندایه‌، به‌ڵام له‌ شوێنی تره‌وه‌ ئه‌و رێكخراوه‌ ده‌بزوێ و په‌یامی خوێناوی بڵاوده‌كاته‌وه‌ و بازنه‌ی قوربانیه‌كانیشی تا دێت فراوانتر ده‌بێت، رۆژێك ئێزدیه‌كان، رۆژێكی مه‌سیحیه‌كان، رۆژێكیش شیعه‌كان و وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ باكوری سینای میسریش روویدا، رۆژێك شوێنكه‌وتوانی ته‌ریقه‌ت.
رۆژی هه‌ینی 24-11-2017، نوێژخوێنانی مزگه‌وتێك له‌گوندی ره‌وزه‌ی سه‌ر به‌ شاری عه‌ریشی سینا له‌ باكوری میسر، نوێژخوێنان كه‌وتنه‌به‌ر په‌لاماری ژماره‌یه‌ك چه‌كداره‌وه‌.
له‌و هێرشه‌دا، كه‌ له‌ رێگه‌ی ئار پی جی و ده‌ستڕێژی گولله‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌، 305 كه‌س كوژران و ده‌یانی تریش برینداربوون، ویلایه‌تی سینای سه‌ر به‌ داعشیش په‌لاماره‌كه‌ی گرتوه‌ته‌ئه‌ستۆ.
قوربانیه‌كان سه‌ر به‌ ته‌ریقه‌تی جه‌ریرییه‌ن، كه‌ له‌لایه‌ن گروپه‌ توندڕه‌وه‌كانه‌وه‌ ته‌كفیركراون، جیا له‌وه‌ زۆرینه‌یان سه‌ر به‌ هۆزی "سواركه‌"ن.
هۆكاری دژایه‌تی داعش له‌گه‌ڵ شوێنكه‌وتوانی ته‌ریقه‌ت، ته‌نها ئایینی نییه‌، به‌شێكیشی سیاسییه‌، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ هه‌ر له‌ ساڵانی شه‌ڕی نێوان میسر و ئیسرائیله‌وه‌، شوێنكه‌وتوانی ته‌ریقه‌ت په‌یوه‌ندیه‌كی تۆكمه‌ و توندوتۆڵیان له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان هه‌بووه‌ و ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ به‌رده‌وامه‌.



له‌ 19-11-2016، چه‌كدارانی داعش، سلێمان ئه‌بوحرازی ته‌مه‌ن 98 ساڵیان كوشت، كه‌ شێخی ته‌ریقه‌تی جه‌ریرییه‌ بوو، به‌وه‌ش ترسنكاترین په‌یامی دایه‌ شوێنكه‌وتوانی ته‌ریقه‌ت.
له‌ دوو مانگی رابردوودا داعش هه‌ڕه‌شه‌كانی بۆسه‌ر شوێنكه‌وتوانی ته‌ریقه‌ت توندتر كردبوه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌ی به‌ره‌و رووی پۆلیس و هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی میسر له‌ باكوری سینا كردۆته‌وه‌، كه‌ رێوشوێنی پێویستیان بۆ پاراستنی سۆفیه‌كان نه‌گرتوه‌ته‌به‌ر.
ته‌ریقه‌ت یان سۆفیگه‌ری، مێژوویه‌كی دوور و درێژی هه‌یه‌ و زیاتر گرنگی به‌ لایه‌نی رۆحی ئایین ده‌دات، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ شه‌ریعه‌ت لایه‌نه‌ رواڵه‌تییه‌كه‌ی ئایین و جێبه‌جێكردنی فه‌رمانه‌ رۆژانه‌كانی زیاتر له‌لا په‌سه‌نده‌، به‌ درێژایی مێژووی ئیسلامیش زۆرجار روبه‌ڕوبونه‌وه‌ له‌نێوان شوێنكه‌وتوانی شه‌ریعه‌ت و ته‌ریقه‌ت روویداوه‌.



دوای شۆڕشی یه‌نایه‌ری 2011 میسر و كۆتاییهاتنی ده‌سه‌ڵاتی حوسنی موباره‌ك، گروپی ئه‌نساری به‌یتولمقدس سه‌ریان هه‌ڵدا، كه‌ گروپێكی ته‌كفیری توندڕه‌و بوون و بیابانه‌كانی سینایان كردبوه‌ مۆڵگه‌ی خۆیان و چه‌ندین په‌لاماری خوێناویان له‌و ناوچه‌یه‌ بۆسه‌ر هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ئه‌نجامدا.
مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی 2014 ئه‌نسار به‌یعه‌تی به‌ داعش دا و له‌و واده‌یه‌ به‌دواوه‌ له‌ ژێر ناوی ویلایه‌تی سینادا خۆیان ناساندوه‌.
له‌ ساڵی 2011 ه‌وه‌ تائێستا له‌ ژێر هه‌ردوو ناوی ئه‌نساری به‌یتولمقدس و داعش چه‌كداره‌ توندڕه‌وه‌كانی سینا، چه‌ندین هێرشی خوێناویان كردۆته‌سه‌ر هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و هاووڵاتیان له‌و ناوچه‌یه‌، به‌ڵام هیچیان هێنده‌ كوشتارگه‌كه‌ی مزگه‌وتی ره‌وزه‌ی عه‌ریش قوربانی به‌دواوه‌ نه‌بووه‌.




Share :

زۆرترین بینراوە

بابەتی زیاتر

ڕاپۆرت

  

  

  

  

  

ئەلبوم

سەرپێچی هاتوچۆ

لەگەڵمان بە لە facebook

کەش و هەوا

Website Design by Kurdsoft