ره‌فیق حیلمى

شاعیرو نوسه‌رى نه‌مر ره‌فیق حیلمى، له‌ساڵى 1898 له‌ شارى كه‌ركوك هاتۆته‌ دنیاوه‌، هه‌ر له‌ منداڵیه‌وه‌ ده‌ستى كردووه‌ به‌ دانانى هۆنراوه‌ى نیشتمان په‌روه‌رى به‌زمانى توركى، چونكه‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ خوێندن به‌ توركى بووه‌. 
له‌ته‌مه‌نى پانزه‌ساڵیدا به‌ شیعر و نوسین هاوكارى رۆژنامه‌ى (حه‌وادس) و گۆڤاره‌كانى (كه‌وكه‌بولمه‌عاریف) و (ته‌جه‌دود)ى كه‌ركوكى كردووه‌ . 
ساڵى 1921 بۆ ماوه‌ى پێنج مانگ نوسه‌رى رۆژنامه‌ى (نه‌جمه‌) بووه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى ئینگلیز به‌زمانى توركى له‌ شارى كه‌ركوك ده‌ریانكردووه‌، پاشان بۆته‌ نوسه‌رى به‌شى توركى رۆژنامه‌ى (بانگى كوردستان)، هه‌روه‌ها له‌ ژماره‌ ( 4 – 13 )، سه‌رنوسه‌رى گۆڤارى (ئومێد ئیستقلال) بووه‌ كه‌ ساڵى 1924 ده‌رچووه‌ . 
ساڵى 1922 له‌ هه‌ڵبژاردنێكدا بووه‌ به‌ ئه‌ندامى دامه‌زرێنه‌ر و ده‌سته‌ى به‌ڕێوه‌بردنى (جه‌معیه‌تى كوردستان)، ساڵى 1923 ئه‌ندامى ئه‌و وه‌فده‌ بووه‌ كه‌ شێخ مه‌حمودى نه‌مر به‌ناوى كوردستانى باشوره‌وه‌ ناردونیه‌ ئه‌نقه‌ره‌ بۆ سه‌لماندنى موختاریه‌تى ئیداره‌ى كوردى . 
ساڵى 1928 له‌ هه‌ولێر مامۆستاى ئاماده‌یى بووه‌ و كراوه‌ به‌دووه‌م سه‌رۆكى (كۆمه‌ڵه‌ى پشتیوانانى كوردان)،  له‌ راپه‌ڕینه‌كه‌ى 6 ى ئه‌یلولى ساڵى 1930ى سلێمانى له‌گه‌لأ چه‌ند ناودارێكى شاردا گیراوه‌ و پاش شه‌ش مانگ ئازاد كراوه‌، چه‌ند جارێكیش دورخراوه‌ته‌وه‌ بۆ شاره‌كانى ترى عیراق.
ساڵى 1940 موفه‌تیشى ده‌سته‌ى پشكنینى ناوچه‌ى باكور بووه‌، پاشان بووه‌ به‌ به‌ڕێوه‌به‌رى (ئه‌مانه‌ى به‌غداد) . 
ساڵى 1958 كراوه‌ به‌ مولحه‌قى رۆشنبیرى باڵیۆزخانه‌ى عیراق له‌ توركیا. مامۆستاى نه‌مر ره‌فیق حیلمى دامه‌زرێنه‌رى ئه‌م كۆمه‌ڵانه‌ بووه‌ (كۆمه‌ڵه‌ى دانان و وه‌رگێران و بڵاوكردنه‌وه‌)، (كاره‌ساتى لافاو)، (كۆمه‌ڵه‌ى هاناى زستان). 
ساڵى 1941 به‌رگى یه‌كه‌مى (شیعرو ئه‌ده‌بیاتى كوردى ) كۆكردۆته‌وه‌ و چاپى كردووه‌، كه‌یه‌كه‌م جاربووه‌ له‌ مێژوى كورد و زمانى كوردیدا كارێكى وابكرێت،  هه‌روه‌ها كتێبى جوگرافیاى پۆلى دووه‌مى ناوه‌ندى وه‌رگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانى كوردى و كتێبى (خولاسه‌ى مه‌سه‌له‌ى كورد)ى له‌ فه‌ره‌نسیه‌وه‌ وه‌رگێراوه‌، ساڵى 1960 كتێبى شیعرى (به‌غداى پاش ته‌موز)ى بڵاوكردۆته‌وه‌ . 
مامۆستاى پایه‌ به‌رز  ره‌فیق حیلمى رۆژى 4 ى ئابى  1960 كۆچى دووایى كردووه‌.


Share :

بابەتی زیاتر

ڕاپۆرت

  

  

  

  

  

ئەلبوم

سەرپێچی هاتوچۆ

لەگەڵمان بە لە facebook

کەش و هەوا

Website Design by Kurdsoft