عه‌زیز محه‌مه‌د

عه‌زیز محه‌ممه‌د عه‌بدوڵڵا له‌ 1ی ته‌مموزی 1924 له‌گوندی (بێركۆت)ی نزیك شاری هه‌ولێر له‌ دایكبوه‌، باوكی كوردێكی هه‌ژاری جوتیاری گوندی (بێركۆت) بوه‌، دایكی كچه‌ مه‌لا بوه‌و له‌ناوچه‌كانی وان و باش قه‌ڵاوه‌ هاتۆته‌ هه‌ولێر، دایكی خه‌ڵكی باكوری كوردستان بوه‌.
عه‌زیز محه‌مه‌د له‌ ته‌مه‌نێكی زۆر بچوكدا له‌گه‌ڵ دایكیدا دێنه‌ شاری هه‌ولێرو باوكی و دایكی بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ به‌جێده‌هێڵن. له‌مزگه‌وتی (ابوبكر) فێری قورئان خوێندن ده‌بێت و له‌ پیرزین و شاوه‌یس و به‌حركه‌ ده‌رسی فه‌قێی ده‌خوێنێت، به‌ڵام دواتر واز له‌خوێندنی فه‌قێی ده‌هێنێ.
دایكی كه‌ ئه‌و كات له‌ ماڵان كارده‌كات ده‌ینێرێته‌ قوتابخانه‌و به‌هۆی زیره‌كییه‌كه‌یه‌وه‌ راسته‌وخۆ له‌ پۆلی سێی سه‌ره‌تایی دایده‌نێن، دوای ته‌واوكردنی قۆناغی سه‌ره‌تایی بیر له‌ ته‌واوكردنی خوێندنه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه‌ له‌ په‌یمانگای پیشه‌سازی یاخود له‌ په‌یمانگای پێگه‌یاندنی مامۆستایان، به‌ڵام ئه‌و ئاواته‌ی نایه‌ته‌دی، چونكه‌ بۆ ئه‌مه‌ ده‌بوو دوو ساڵ ته‌مه‌نی خۆی بچوك بكاته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی ئه‌مه‌ كارێكی ئاسان بوو به‌ڵام بۆی نه‌كرا، دوای وازهێنانی له‌ قوتابخانه‌ ماوه‌یه‌ك بێكار ده‌مێنێته‌وه‌، پاشان به‌ هاوكاری چه‌ند هاوڕێیه‌كی له‌ فه‌رمانگه‌ی دابه‌شكردنی خۆراك و ناوخۆیی داده‌مه‌زرێ و بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ له‌وێ كار ده‌كات.
له‌ به‌هاری ساڵی 1948 ژیان و كاری خۆی به‌حزبی شیوعی بۆ هه‌تا هه‌تایی ده‌به‌ستێته‌وه‌و ده‌ستبه‌كاری حزبی ده‌كات.
ساڵه‌كانی 1940-1941 سه‌ره‌تای چالاكی سیاسی ئه‌و بوه‌ كه‌ له‌ هه‌مانكاتدا كۆمه‌ڵێك گه‌نجی خوێنگه‌رم پاڵنه‌رو هانده‌ری بون بۆ هاتنه‌ نێو ژیانی سیاسییه‌وه‌، له‌وانه‌ مامۆستای ناوداری كورد (عیزه‌دین فه‌یزی)، هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا په‌یوه‌ندی به‌كۆمه‌ڵه‌ی (هیوا)وه‌ ده‌كات و له‌ ئایاری ساڵی 1941 دا ده‌بێته‌ ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی هیوا.
له‌ساڵی 1942 دا ده‌بێته‌ ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی گه‌ل كه‌ رۆژنامه‌یه‌كیان به‌ناوی (بڵێسه‌)ـه‌وه‌ ده‌رده‌كردو خۆیان به‌ ماركسی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دا.
له‌ زستانی ساڵی  دا دوای كۆنگره‌ی یه‌كه‌می حزبی شیوعی عیراقی ده‌بێته‌ ئه‌ندامی ئه‌و حزبه‌، له‌ 13-10-1948 دا ده‌خرێته‌ به‌ندینخانه‌وه‌ تا ئابی ساڵی 1958 واته‌ بۆ ماوه‌ی (10) ساڵ له‌ زینداندا ده‌مێنێته‌وه‌.
له‌ماوه‌ی ساڵانی مانه‌وه‌ی له‌ زینداندا له‌ رێگای خوێندنه‌وه‌وه‌ فێری زمانی عه‌ره‌بی ده‌بێت و هاوكات چه‌ندین كتێبی ئه‌ده‌بی و چیرۆك و رۆمان و كتێبی سیاسی هه‌مه‌جۆر ده‌خوێنێته‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌شێكی زۆری شاكاره‌ ئه‌ده‌بییه‌كانی ئه‌ده‌بیاتی رووسی و ئینگلیزی و ئه‌ڵمانی ده‌خوێنێته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی (ته‌ها حسین) و (نجیب محفوز) و به‌رهه‌می تری نوسه‌رانی عه‌ره‌ب.
عه‌زیز محه‌مه‌د له‌ساڵی 1964 تا 1993 سكرتێری گشتی حزبی شیوعی عیراقی بوه‌، یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سایه‌تییه‌ شیوعیانه‌ی له‌ساڵی 1986 دا له‌لایه‌ن حزبی شیوعی سۆڤیه‌تییه‌وه‌ (وسامی لینین)ی پێده‌به‌خشرێ، هه‌روه‌ها میدالیای "ئه‌ستێره‌ی گه‌شه‌"ی كیشوه‌ری ئاسیاو ئه‌فریقای له‌ساڵی 2007 له‌لایه‌ن روسیاوه‌ پێبه‌خشراوه‌ كه‌ له‌دوای نیڵسۆن ماندێلا دووه‌م كه‌سه‌ ئه‌و میدالیایه‌ وه‌رده‌گرێت.
رۆژی چوارشه‌ممه‌ 31ی ئایاری 2017 له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی له‌ شاری هه‌ولێر كۆچی دواییكرد.


Share :

بابەتی زیاتر

ڕاپۆرت

  

  

  

  

  

ئەلبوم

سەرپێچی هاتوچۆ

لەگەڵمان بە لە facebook

کەش و هەوا

Website Design by Kurdsoft