نەوشیروان مستەفا



دوای زیاتر لە نیو سەدە تێكۆشان، رۆژی هەینی 19 ی ئایار لە هەمان ئەو شارەی بەر لە 73 ساڵ چاوی بە ژیانی هەڵهێنابوو، یەك لە ئەندازیارانی راپەڕینی گەلی كورد لە باشوری كوردستان ماڵئاوایی لە شار و وڵات و هاوڕێیانی كرد.
نەوشیروان مستەفا ئەمین، لە كۆتا ساڵەكانی جەنگی دوەمی جیهانی و لە ساڵی 1944 لە گەڕەكی سەرشەقامی سلێمانی هاتە دنیاوە و قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لەو شارە تەواو كرد و ساڵی 1967 كۆلێژی زانستە سیاسیەكانی لە بەغدا تەواو كرد.
سەرەتای شەستەكانی سەدەی رابردوو و لە هەڕەتی لاوێتیدا نەوشیروان مستەفا بەجۆش و خرۆشەوە بەشداری كایەی سیاسی بوو، یەكەم وێستگەی ژیانی سیاسی لە یەكێتیی قوتابیانی كوردستان بووە، ساڵانی 1963 و 1964 بووەتە ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتی قوتابیان و ساڵی 1967 بووەتە ئەندامی لقی سلێمانی- پارتی دیموكراتی كوردستان باڵی مەكتەبی سیاسی.
نەوشیروان مستەفا جیا لەبواری سیاسی وەك رۆژنامەنوسێكیش ناسراوە و ساڵی 1969 خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری رزگاری بووە.
ساڵی 1975 لاپەڕەیەكی تر لە ژیانی نەوشیروان مستەفا هەڵدەدرێتەوە، ئەوەش دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو لە لایەن ئەو چەند سەركردەیەكی ترەوە و تا 31 ساڵ دوای ئەو بەروارە، كە وازی لە ریزەكانی یەكێتی هێنا، كەسی دووەمی ئەو حزبەبوو.
نەوشیروان مستەفا لە راپەڕینی باشوری كوردستان دژ بە دەسەلاتی بەعس، رۆڵێكی گرنگی گێڕاوە بە ئەندازیاری و پلانداڕێژەری ئەو هەنگاوە مێژوویە ناوی لێدەبرێت.

ساڵی 2006 و دوای وازهێنانی لە یەكێتی نیشتمانی، كۆمپانیای وشەی دامەزراند، دواتر و لە ساڵی 2009 بە لیستی گۆڕانەوە بەشداری هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستانی كرد و لیستەكەی 25 كورسی خولی سێیەم و 24 كورسی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستانی بەدەستهێنا.
نەوشیروان مستەفا لە ساڵی 1981 هاوسەرگیری كردووە و دوو كوڕ و كچێكی هەیە بە ناوەكانی نما و چیا و چرا و چەندین كتێبی لە بواری مێژوویی و ڕۆژنامەگەریدا نوسیوە و زنجیرە كتێبێكیشی هەیە كە تایبەتە بە ژیانی سیاسی خۆی و ئەو ڕووداوانەی لە كاتی ئەنجامدانی كاری سیاسیدا ڕوویانداوە.
لە دوو ساڵی رابردوو و بە هۆی نەخۆشیەوە نەوشیروان مستەفا دوو جار بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی رووی كردە وڵاتی بەریتانیا و بەهۆی باری تەندروستیشیەوە نەیتوانی بەشداری لە پرسەی هاوسەرەكەی بكات، كە رۆژی 17 ی ئادار بە هۆی نەخۆشیەوە كۆچی دوایی كردبوو.
دواجار پاش نزیكەی 9 مانگ مانەوەی لە بەریتانیا، رۆژی 13 ی ئایار نەوشیروان مستەفا گەڕایەوە سلێمانی و لە ماوەی ئەو چەند رۆژەی كۆتایی ژیانیدا هیچ دەركەوتنێكی لە میدیاكانەوە نەبوو.



Share :

بابەتی زیاتر

ڕاپۆرت

  

  

  

  

  

ئەلبوم

سەرپێچی هاتوچۆ

لەگەڵمان بە لە facebook

کەش و هەوا

Website Design by Kurdsoft